حووسییەکان لە دەریای سوور کەشتییەکی نەوتهەڵگری "ئیسرائیلیان" کردە ئامانج

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2025-09-02-12:55:00 - کۆدی بابەت: 7
حووسییەکان لە دەریای سوور کەشتییەکی نەوتهەڵگری "ئیسرائیلیان" کردە ئامانج
ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان

 

نەورۆز نیوز

حووسییەکانی یەمەن ئەمڕۆ دووشەممە رایانگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگریان لە دەریای سوور بە مووشەک کردووەتە ئامانج، ئەوەش چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە سەرۆکوەزیرانەکەیان لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژرا.
 
حووسییەکان، کە مانگی تەممووز دوو کەشتیی نەوتهەڵگریان نووقم کرد، رایانگەیاند، کەشتیی "سکارلێت رەی"ی هەڵگری ئاڵای لایبیریایان کردووەتە ئامانج و "راستەوخۆ" پێکاویانە.
 
هێزی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هێرشەکە ئامانجەکەی نەپێکاوە. بەگوێرەی کۆمپانیای ئاسایشی دەریایی ئەمبرێی، کەشتییەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە خاوەندارێتی دەکرێت.
 
هێزە بەریتانییەکە کە چاودێریی ناوچەکە دەکات، رایگەیاند، ستافی کەشتییەکە "تەقینەوەیەکی لە نزیک کەشتییەکە بەهۆی مووشەکێکی نەناسراوەوە بینیوە و ستافەکەیان گوێیان لە دەنگێکی بەرز بووە."
 
هەروەها گوتیشی، "سەرجەم ستافی کەشتییەکە سەلامەتن و کەشتییەکەش لە گەشتەکەی بەردەوامە."
 
رۆژی شەممە حووسییەکان رایانگەیاند، ئەحمەد غالب ناسر رەحەوی، سەرۆکوەزیرانەکەیان و چەند بەرپرسێکی دیکە، دوو رۆژ پێشتر لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا کوژراون.
 
رۆژی یەکشەممە، حووسییەکان هەڵیانکوتایە سەر بارەگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لانیکەم 11 کارمەندیان دەستگیرکرد. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای "ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجیانی" دەکات.
 
هانس گروندبێرگ، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن رایگەیاند، حووسییەکان پێشتریش 23 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکانیان دەستبەسە کردووە کە هەندێکیان لە ساڵانی 2021 و 2023ـەوە دەستگیرکراون.
 
حووسییەکان دەڵێن، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون "تۆڕێکی سیخوڕیی ئەمریکی-ئیسرائیلی" لەخۆدەگرن کە لەژێر پەردەی رێکخراوە مرۆییەکاندا کاریان کردووە؛ ئەو تۆمەتانە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە تووندی رەتکراونەتەوە.



9 بینین