ئەمریکا لە 66 رێکخراو و ئاژانسی نێودەوڵەتیی دیکە دەکشێتەوە
ئیدارەی ترەمپ لە دەیان رێکخراوی نێودەوڵەتی دەکشێتەوە و هاوکارییەکانیش بۆ ئەو رێکخراوانە رادەگرێت، لەوانە رێکخراوی ئاژانسی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا.
فەرمانی جێبەجێکاری ترەمپ بۆ هەڵپەساردنی پاڵپشتی
کۆشکی سپی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی جێبەجێکاری واژۆکردووە بۆ هەڵپەساردنی پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ 66 رێکخراوی دەزگە و کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی.
بڕیارەکە لە دوای رێنماییەکانی ترەمپ دێت بۆ ئیدارەکەی، بۆ پێداچوونەوە بە بەشداری و پارەدانی هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەو رێکخراوانەشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانن.
وەزارەتی دەرەوە: رێکخراوەکان زێدەڕۆ و خراپ بەڕێوەدەبرێن
دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئیدارەی ترەمپ بۆی دەرکەوتووە ئەم دامەزراوانە زێدەڕۆن، خراپ بەڕێوەدەبرێن، ناپێویستن، بەفیڕۆچوونی سەرەوت و سامانە، لەلایەن هەندێک ئاکتەرەوە بۆ پێشخستنی ئەجێندای خۆیان بەکاردەهێنرێن و هەڕەشەن بۆ سەر سەروەری و ئازادی و خۆشگوزەرانیی گشتی.
کشانەوە لە کاتی جموجووڵی سەربازی
بڕیاری ترەمپ بۆ کشانەوەی لەو رێکخراوانەی هاوئاهەنگی نێوان وڵاتان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی جیهان بەهێز دەکەن لە کاتێکدایە ئیدارەکەی جموجووڵی سەربازی و هەڕەشەی لە نەیارەکانی دەستپێکردووە. ئەمەش بەشێک لە هاوپەیمانەکانی نیگەران کردووە، لەو کردە سەربازییانەش دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و ئاماژەدان بە نیازی دەستبەسەرداگرتنی گرینلاند.
مێژووی کشانەوە لە سەردەمی یەکەمی ترەمپ
پێشتر لە سەدەمی یەکەم خولی سەرۆکایەتیی خۆیدا، ئیدارەی ترەمپ ئەندامێتی لە ئاژانسەکانی وەک رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی ناسراو بە UNRWA، ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی کولتووریی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە یونسکۆ راگرتبوو.
شیکردنەوەی لێکۆڵەرانی نێودەوڵەتی
دانیال فۆرتی، شیکەرەوەی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی لەبارەی ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ گوتی: پێموایە ئەوەی ئێمە دەیبینین بۆچوونی حکومەتی ئێستای ئەمریکایە بۆ فرەلایەنی و ئەگەر لەگەڵ ئەو نەبم، ئەوا ئەویش لەگەڵ من نییە. ئەمە تێڕوانینێکی زۆر روونە بۆ ویستنی هاوکاریی نێودەوڵەتی لەسەر مەرجەکانی واشنتن.
کاریگەری لەسەر کارمەندان و پڕۆگرامەکان
بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، گۆڕانی ستراتیژیەتی ئەمریکا لە بەرامبەر بە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەوانەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو رێکخراوەی ناچار کردووە ژمارەی کارمەندان و پڕۆگرامە هاوکارییەکانی لە سەرانسەری جیهاندا کەمبکاتەوە.
سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە، بەرپرسانی ئەمریکا بە خودی ترەمپیشەوە دەڵێن ئەوان توانای نەتەوە یەکگرتووەکانیان بینیوە و دەیانەوێت پارەی باجدەران تەرخان بکەن بۆ فراوانکردنی کاریگەریی ئەمریکا لە زۆربەی دەستپێشخەرییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە کێبڕکێیان لەگەڵ چین هەیە.
کشانەوە لە پەیماننامەی گۆڕانی کەشوهەوا
کشانەوەی لە رێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دوایین هەوڵی ترەمپ و هاوپەیمانەکانیەتی بۆ دوورخستنەوەی ئەمریکا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە جەخت لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن.
بەشێک لە شارەزایان دەڵێن بەبێ هاوکاریی ئەمریکا کە یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی جیهان، پێشکەوتنی گرنگ لە دەرباز بوون لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زەحمەت دەبێت.
لیستی رێکخراوە کشاوەکان
ئەو رێکخراو و ئاژانسانەی کە ئەمریکا تێیدا کشاوەتەوە بریتین لە پەیماننامەی وزەی بێ کاربۆن، زانکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان، لیژنەی راوێژکاریی نێودەوڵەتی بۆ پەموو، رێکخراوی نێودەوڵەتیی تەختەی خولگەیی، هاوبەشی هاوکاری ئەتڵەسی، پەیمانگای پان ئەمریکا بۆ جوگرافیا و مێژوو، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ئەنجوومەنی هونەر، ئاژانسەکانی کولتوور و گرووپی نێودەوڵەتی لید و زینک.
هۆشداری بۆ بەردەوامبوون لە پێداچوونەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریشیداوە بەوەی بەو هەنگاوە ناوەستن و پێداچوونەوە بە ئەندامبوونیان لە سەرجەم هاوپەیمانێتی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن. ئەم بەڵێنە ئاماژە بە گۆڕانکاری گەورەتری داهاتوو لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات.