موستەفا حەنوون: ئامادەنیم یاری بۆ هیچ یانەیەکی دەرەوەی هەولێر بکەم

له‌لایه‌ن: - نەورۆز نیوز نەورۆز نیوز - به‌روار: 2025-09-01-13:00:00 - کۆدی بابەت: 8
موستەفا حەنوون: ئامادەنیم یاری بۆ هیچ یانەیەکی دەرەوەی هەولێر بکەم
وەرزشی کوردستان

نەورۆز نیوز

موستەفا حەنوون، هێرشبەری پێشووی یانەی هەندرێن و پێشمەرگەی هەولێر بە نەورۆز نیوزی ڕاگەیاند تەنیا حەزدەکات یاریی بۆ تیپێک بکات لە هەولێر بێت، چونکە ئەم شارە بۆ ئەو زۆر تایبەتە.
 
موستەفا حەنوون، وەرزی رابردوو پەیوەندەی بە یانەی هەندرێنەوە کرد، بەڵام تەنیا نیو وەرز لەگەڵ یانەکە بەردەوام بوو، بۆ نیوەی دووەم پەیوەندی بە یانەی پێشمەرگەی هەولێرەوە کرد لەوێش تەنیا بۆ نیو وەرز بەردەوام بوو. 
 
موستەفا لە لێدوانێکیدا بۆ نەورۆز نیوز گوتی "لەگەڵ پێشمەرگەی هەولێر زۆر ئاسوودە بووم. بەڵام هەندێک لێکتێنەگەیشتنم لەگەڵ دکتۆر تەها قادری راهێنەری یانەکە هەبوو لەسەر شوێنی یارییکردنم، ئەو پێیباش بوو لە باڵەکانی هێرشبەری یاری بکەم، بەڵام من وەک هیرشبەری سەرەڕم یاری دەکەم و لەوێ ئاسوودەم، بەڵام راهێنەر وای پێباش نەبوو، بۆیە پێشمەرگەی هەولێرم بەجێهێشت". 
 
لەسەر ویستی یارییکردنی بۆ بۆ یانەکانی دەرەوەی کوردستان، موستەفا گوتی "نەک دەرەوەی کوردستان، تەنانەت ئامادەنیم لە دەرەوەی هەولێریش یاریی بکەم، ئەوەندە ئەو یانەیەم لەلا تایبەتە، بۆیە حەز بە یارییکردن لە یانەکانی سنووری هەولێر دەکەم". 
 
موستەفا حەنوون، یاریی بۆ یانەکانی زاخۆ، دهۆک و هەندرێن و پێشمەرگەی هەولێر کردووە، ئێستاش لەلایەن یانەکانی خولی نایابی کوردستان گرێبەستی پێشکێشکراوە. 



7 بینین