سوپای عەرەبیی سووریا: هێرشی چڕ و ورد بۆسەر بارەگاکانی هەسەدە دەستپێدەکەین
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بڵاویکردەوە کە لە کاژێر 01:30ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە قەدەخەی هاتووچۆ دەبێت. داواش لە خەڵک دەکات لە بنکە و بارەگاکانی هەسەدە دووربکەونەوە.
راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ
رۆژی پێنجشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە ئێکس بڵاویکردەوە: لە کاژێر 01:30ی دوا نیوەڕۆوە تاوەکو کاتێکی نادیار لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود، ئەشرەفییە و بەنی زەید قەدەخەی هاتووچۆ دەبێت.
ئەو دەستەیە داوا لە هاووڵاتییانی مەدەنی دەکات لە سەرجەم بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی هەسەدە دووربکەونەوە. هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە کە سوپای سووریا لە کاژێر 01:30ی پاشنیوەڕۆوە دەست بە ئەنجامدانی هێرشی چڕ و ورد بۆسەر بارەگاکانی هەسەدە لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە، شێخ مەقسوود و بەنی زەید دەکات.
تۆمەتبارکردنی بەکارهێنانی باڵەخانەکان وەک بنکەی سەربازی
سیامەند عەلی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی یەپەگە لە ئێکس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: لە حەلەب گرووپەکانی نزیک لە حکومەتی دیمەشق باڵەخانەی خزمەتگوزاری سڤیل دەکەنە بنکەی سەربازی و تانکی تێدا جێگیر دەکەن، لەوێشەوە بە تۆپ و چەکی قورس گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە تۆپباران دەکەن.
تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی
بەرپرسەکەی یەپەگە دەشڵێت: بە سەربازگەکردنی باڵەخانەی خزمەتگوزاری سڤیل پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و بە مەبەست بەکارهێنانی هاووڵاتییانی سڤیل و ژێرخانەکەیانە وەکو قەڵخانی مرۆیی کە تاوانێکە ناتوانرێت پاساوی بۆ بهێنرێتەوە یان رەتبکرێتەوە.
بەردەوامبوونی هێرشەکان لە رۆژی سێشەممەوە
لە رۆژی سێشەممەوە هێرشەکانی سوپای سووریا بە تانک و تۆپ بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینە دەستیپێکردووە. بەگوێرەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە، هێرشەکان تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامن. ئەم هێرشە بەردەوامانە نیگەرانی بۆ سەلامەتی سڤیلەکان زیادی کردووە و مەترسیی زیادبوونی قوربانییەکان هەیە.